وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان رای گەیاند هەرێمەكەی بودجەی چوار ساڵی هێزی پێشمەرگە و دوو ساڵی بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و پاسپۆرتی لای بەغدایە و تا ئێستە ئەو كێشەیە چارەسەر نەكراوە و بەردەوامە.
بایز تاڵەبانی بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاندوه: بەپێی یاسا ماوەی چوار ساڵە دەبێت حكوومەتی عێراق بودجەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان "پاسەوانی هەرێم و دوو ساڵیشە بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و پاسپۆرتی هەرێم دابین بكات، بەڵام تا ئێستە ئەو پارانە بۆ هەرێم رەوانە ناكات، بۆیە ئەو گرفتە بووە بەیەكێك لە هۆكارەكانی كورتهێنانی بودجە، چونكە بەناچاری دەبێت ئێمە مووچە و پێداویستی بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و هێزی پێشمەرگە دابین بكەین .
زیاتر گوتی بەپێی یاسا دەبێ هەردوو سەرۆك وەزیران ئێراق و هەرێم لەبارەی بودجەی هێزی پێشمەرگەوە بگەنە رێككەوتنێك، دواتر حكوومەتی ئێراق بودجەكە رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام تا ئێستە ئەو رێككەوتنە نەهاتووەتە ئاراوە، ئەگەر رێككەوتنەكە هاتە ئیمزاكردن چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەو بودجە چوار ساڵییە دەكەین و پێویستە بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێم . |