هاوکات له‌گه‌ڵ دواکه‌وتنی پرۆسه‌ی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێی عێراق، هه‌ندێک له ناوه‌نده سیاسییه‌کان باس له ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریکاو نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌ن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و شیکردنه‌وه سیاسییانه، هه‌ردوو ئه‌گه‌ری دامه‌زراندنی حاکمێکی مه‌ده‌نی هاوشێوه‌ی پۆل بریمه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌و پێکهگێنانی ده‌سه‌ڵاتێک به‌چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به‌گوێره‌ی به‌ندی حه‌وت، له‌ئارادان ئه‌گه‌ربێتو سه‌رکرده عێراقیه‌کان نه‌گه‌نه ڕێکه‌وتنێک بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ.
دکتۆر مه‌حمود عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان ڕایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌دانیشتنی تایبه‌ت به گوێگرتن له نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوه‌که له‌عێراق که بڕیاره ڕۆژی چواری مانگی ئابی داهاتوو سازبکرێت، چاوه‌ڕوانده‌کرێت بڕیاری تایبه‌ت به یارمه‌تیدانی عێراقیه‌کان بدات بۆ کۆتاییهێنان به قه‌یرانی پێکهێنانی حکومه‌تی نوێ.
ئه‌م هه‌نگاوه چاوه‌ڕوانکراوه‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی گرفتی ده‌سه‌ڵات له‌عێراقدا له‌کاتێکدایه که پێشتریش هانز بلیکس پشکنه‌ری چه‌که‌کانی پێشووی ڕژێمی سه‌دام حسێن له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌به‌رده‌م للیژنه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌ریتانیدا ڕایگه‌یاندبوو، عێراق له‌ساڵی 2003دا هه‌ڕه‌شه نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌م ساڵانه‌ی بشێویی دوای ڕووخانی ئه‌و ڕژێمه خراپتره له چه‌وسانه‌وه‌کانی سه‌رده‌می سه‌دام حسێن.
-------------------------------------------------------------------------------- |