چاودیریك
بەرپرسى مەکتەبى سیاسى یەکگرتوو دەستى لەکارکێشایەوە
بەهۆى ئەو تەنگژە داراییەى کە ماوەیەکى زۆرە یەکگرتووى ئیسلامى کوردستانى گرتۆتەوە، دکتۆر هادى عەلى بەرپرسى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى دەست لەکارکێشانەوەى خۆى راگەیاند .
سەرچاوەیەک لەنێومەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى ئەم هەواڵەى پشت راستکردەوە و وتى: داوى ئەوەى سەرکردایەتى یەکگرتوو نەیتوانى بەسەر کێشە ئاڵۆزەکانى ناوخۆى حیزب زاڵ بێت و چارەسەر بۆکێشە و گرفتەکان بدۆزێتەوە و سەرەڕاى ئەوەى ماوەیەکى زۆرە تەنگژەى دارایى رووى لەدارایى یەکگرتوو کردووە و نەتوانراوە بەسەر تەنگژەکە زاڵ بن ئەگەرچى رێوشوێنى پێویست گیراوەتە بەر بۆکەم کردنەوەى بەشێک لەدەزگاکانى راگەیاندن و دەرکردنى بەشێکى زۆرلەکارمەندانى دەزگاکانى راگەیاندن و بڕینى مووچەى پەرلەمانتاران بەڕێژەى زیاتر لەسەدا حەفتا، کەچى هێشتا نەتوانراوە بەرلەو تەنگژەیە بگیرێت و لەبەرامبەریشدا زۆرێک لەئەندامانى یەکگرتوو بەتایبەتى کارمەندانى راگەیاندن دووچارى شڵەژان و ناڕازى بوون هاتوون، ئەمە جگەلەوەى ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى تەنانەت خودى مامۆستا سەڵاحەدین کەمتەرخەمن بەرامبەر بەداخاوزى کارمەندان و خەمێک لەئاهوو حەسرەتیان ناخۆن .. ئەوسەرچاوەیە وتیشى: ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو وەکو جاران بەگەرمییەوە بەدەم کێشەکانەوە ناچێت و ساردبوونەویەکى تەواو لەکارەکانى رووى تێکردووە، هەروەها بەدووریشى زانى دەست لەکارکێشانەوەى دکتۆر هادى عەلى پەیوەست بێت بەکێشەى دارایى بەڵکو دەمێکە لەگەڵ ئەمیندارى گشتى یەکگرتووى ئیسلامى دژە بۆچوونن لەبڕیارەکان .. ئەوەى شایانى باسە تائێستا لەگەڵدابێت مووچەى مانگانەى کارمەندانى دەزگاکانى یەکگرتوو نادیارە و مانگى رابردووش مووچەکەیان بەنیوە دابەش کراوە و هى مەڵبەندەکان و مەکتەبى سیاسیش بەتەواوەتى دابەش کراوە . |