له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه له هۆڵی مۆدێرن ستی له هه‌ولێری پایته‌خت ئه‌نجامدرا، لیژنه‌ی داكۆكی له ئازادی رۆژنامه‌نووسی و مافی رۆژنامه‌نووسان له كوردستان، راپۆرتی شه‌ش مانگی ئه‌مساڵی تایبه‌ت به ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری له هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه، كه ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌قه‌كه‌یه‌تی.
راپۆرتى پێنجه‌م
سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان
لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى
رۆژنامه‌نووسان له كوردستان
(ده‌رباره‌ى ره‌وشى رۆژنامه‌گه‌رى له كوردستان)
(1/1/2010 - 30/6/2010)
راپۆرتى پێنجه‌م
لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له كوردستان
(ده‌رباره‌ى ره‌وشى رۆژنامه‌گه‌رى له كوردستان)
(1/1/2010 - 30/6/2010)
- پێشه‌كى
- تیرۆر
- هه‌ڕه‌شه
- لێدان
- پێشێلكارییه‌كان و په‌لاماردان
- ده‌ستگیركردن و زیندانى
- هه‌وڵى رفاندن
- هه‌وڵى تیرۆركردن
- دۆسیه‌ى دادگا
- تایبه‌ت
- هه‌ره‌شه له رێگاى مۆبایله‌وه
- دۆسیه‌ى تایبه‌ت
- پاشكۆ و راگه‌یاندنه‌كان
پێشه‌كی
یه‌كێك له ئامانجه بنه‌ڕه‌تی و ستراتیژییه‌كانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، به‌رفراوان كردنی پانتاییه‌كانی ئازادیی رۆژنامه‌نووسی و چه‌سپاندنی ئازادییه، بۆیه هه‌ر له دامه‌زراندنیه‌وه (چه‌سپاندنی ئازادی رۆژنامه‌نووسی و ده‌سته‌به‌ر كردنی ماف و گوزه‌رانی رۆژنامه‌نووسان) بۆته دروشمی سه‌ره‌كیى سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، دیاره پێكهێنانی "لیژنه‌ی داكۆكی له ئازادی رژنامه‌نووسی و مافى رۆژنامه‌نووسان" یه‌كێكه له میكانیزمه سه‌ره‌كییه‌كانی جێ به‌جێ كردنی ئه‌و دروشمه.
ئه‌و لیژنه‌یه‌ش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونیه‌وه دڵسۆزانه بۆ به‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌كانی رۆژنامه‌نووسان، هه‌موو جۆره شێوازێكی خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌و دیموكراسیانه‌ی گرتۆته به‌ر.
ئه‌م راپۆرته‌ی به‌رده‌ستان، كه پێنجه‌مین راپۆرتى لیژنه‌كه‌مانه. جێ به‌جێ كردنی ئه‌ركێكی تری لیژنه‌ی داكۆكی له ئازادی رۆژنامه‌نووسانه، كه له چه‌ندین ده‌رفه‌ت و بۆنه‌ی جیاجیادا په‌یمان و به‌ڵێنی به رۆژنامه‌نووسان داوه له هه‌ر كوێیه‌ك و شوێنێكدا له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك ده‌ست درێژی بكرێته سه‌ر رۆژنامه‌نووسان و مافه‌كانیان پێشێلبكرێت، سه‌نگه‌ری داكۆكیكردن و ده‌نگ و زایه‌ڵه‌ی ره‌خنه‌و بێزاری ئه‌وان ده‌بێت له دژی ئه‌و ده‌ستدرێژی و پێشێلكاریانه، جا له لایه‌ن هه‌ر حزب و كه‌س و فه‌رمانگه و لایه‌نێكه‌وه بكرێته سه‌ریان.
ئێمه له لیژنه‌ی داكۆكی له ئازادی رۆژنامه‌نووسی،یاسا به كاكڵه‌ى هه‌موو ئازادیه‌كان ده‌زانین و پێشمانوایه چه‌ند بواری كرداردا ئه‌و ئازادییه پراكتیزه بكرێت و بكرێته سه‌ر مه‌شقی ژیان و كه‌لتورێكی جێگیر له‌نێو بوار و ناوه‌ند و كایه جۆربه‌جۆره‌كانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداریه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ش هه‌نگاونانه بۆ به‌ره‌وپێشچوونی بزووتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌وانى، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌نده‌ش به‌رووی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌دا روخساری ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان به‌دره‌وشاوه‌یی نیشانده‌دات، هه‌ربۆیه‌ش راشكاوانه ئه‌وه به هه‌موولایه‌ك راده‌گه‌یه‌نین هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و نێوه‌ندانه‌ی به‌هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت مافی رۆژمانووسان پێشێلده‌كه‌ن له مانا‌و نرخ و به‌هاكانی نیشتمانى، ئازادی و مافى مرۆڤ، تێناگه‌ن و به‌و هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌یشیان ده‌بنه كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌كی گه‌وره له‌به‌رده‌م كاروان و ره‌و ره‌وه‌ی تازه‌گه‌ری و پرۆسه‌ی به‌دیموكراسیكردنی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگا و ئازادى راگه‌یاندن و میدیا له كوردستاندا.
لێره‌دا ده‌مانه‌وێت ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین، كه جێگای داخ و نیگه‌رانییه‌كی زۆرمانه له شه‌ش مانگی رابردوودا پێشێلكاری و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نووسان نه‌ك هه‌ر به‌رده‌وام بووه، بگره به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیشی كردووه، به تایبه‌تى له‌كاتى بانگه‌شه و پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق و كوردستاندا، بگره ئه‌وه‌ش كه زیاتر نیگه‌رانى كردوین. رفاندن و تیرۆركردنى رۆژنامه‌نووس (سه‌رده‌شت عوسمان) له شارى هه‌ولێر له رۆژى (6/5/2010) و دواتر تیرۆركردنى، كه ئه‌م رودداوه جیا له‌وه‌ى هه‌موو كۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌تى رۆژنامه‌نووسانى نیگه‌رانكرد. به مه‌ترسیدارترین رووداو داده‌نرێت له ناو ئامار و پێشێلكاریه‌كانى لیژنه‌كه‌مان له رابردوودا. جیاله‌وه‌ى كه مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسان دروستكرد و ئازادى كارى رۆژنامه‌نووسى خسته ژێر پرسیاره‌وه.
بڵاوكردنه‌وه‌و تۆمار كردنی ئه‌و پێشێلكارییانه له دووتوێی ئه‌م راپۆرته‌دا به به‌ڵگه‌وه، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌و هه‌قانیه‌تیش به‌داخ و نیگه‌رانیه‌كانمان ده‌دات. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه كه یاسای رۆژنامه‌نووسى ژماره (35)ى ساڵى (2007) ده‌رچوه كه به یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته گرنگه‌كانی رۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان‌و كۆی پرۆسه‌ی دیموكراسی له قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه‌چى ئه‌م هه‌ره‌شه و مه‌ترسیانه به‌رده‌وامن.
له‌پاڵ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی پێشێلكاری مافی رۆژنامه‌نووسان به‌دوای خۆیدا ده‌یهێنێت، مه‌ترسیه‌كی تریش له‌خۆیدا به‌رجه‌سته ده‌كات كه ئه‌ویش پێشێلكردنی یاسایه و هه‌مووشمان ده‌رك به‌و راستیه ده‌كه‌ین، كارنه‌كردن به یاسا چ كاره‌سات و ئاسه‌وارێكی ترسناك به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، دیاره ئێمه ده‌مانه‌وێت لێره‌دا راشكاوانه ئاماژه‌به‌وه‌ش بكه‌ین كه پابه‌ند نه‌بوون به پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسان و كاركردن به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه پانتاییه‌كی به‌رچاوی دنیای نووسین و رۆژنامه‌نووسیشی گرتۆته‌وه‌و ژماره‌یه‌ك سایت و رۆژنامه و رۆژنامه‌نووس به‌بێ ره‌چاو كردنی پێگه‌ی مه‌عنه‌وی خۆیان وحساب كردن بۆ رۆڵ و ئه‌رك و هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی خۆیان، خراپ پیشه‌كه‌یان به‌كارده‌هێنن و ئه‌و سنوورانه ده‌به‌زێنن كه یاسای رۆژنامه‌نووسى بۆی دیاریكردوون، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك زه‌برێكی قورس له بزووتنه‌وه‌ی رۆژنامه‌گه‌رییداوه‌و له‌لایه‌كیش به‌ڵگه‌و بیانووی خۆشكردووه بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌له بنه‌ره‌تدا دژی ئازادى رۆژنامه‌نووسین بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌و توێژه‌و له نرخ و به‌هاكان و رۆڵی ئه‌وان كه‌م بكاته‌وه.
بۆیه له دید و روانینی ئێمه‌دا هه‌رجۆره پابه‌ند نه‌بوونێك به یاسا چ له‌لایه‌ن نێوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵات و چ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه به ئه‌ندازه‌ی یه‌كتری ترسناكن، بۆیه‌ش داوا له رۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كه‌ین پابه‌ند بن به یاسا‌و پیشه‌ی رۆژنامه‌وانیى چونكه له‌لایه‌ك جێ به‌جێ كردنی ئه‌ركێكی مێژوویی خۆیانه‌و له‌لایه‌كیش رێگاگرتنه له ته‌شه‌نه كردنى ئه‌و ره‌وته ترسناكه‌ی ده‌یه‌وێت پێگه‌ی مه‌عنه‌وی و كاریگه‌ری رۆژنامه‌نووسان له‌ناو كایه‌كانی واقیعدا لاواز بكات.
لیژنه‌ی داكۆكی له ماوه‌ی كاركردنی خۆیدا به به‌ڵگه‌وه چه‌ندین نووسراوی ئاراسته‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌و به به‌ڵگه‌وه پێشێلكارییه‌كانی بۆ ناردوون، به‌ڵام به‌پێی پێویست وه‌ڵامیان نه‌داوینه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچى به‌ڕێز وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به نووسراوی ژماره (2732) له رێكه‌وتی (8/2/2010) به ره‌سمی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی ئاگادار كرده‌وه كه وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌دژی رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراون و له‌چواره‌مین راپۆرتی لیژنه‌ی داكۆكی بڵاوكراونه‌ته‌وه، لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه‌و له‌م باره‌یه‌وه به‌دواداچوونی وردی كردووه، به‌ڵام جێگای نیگه‌رانیمانه له‌سه‌ر زه‌مینی واقیعدا له‌م باره‌یه‌وه شتێكی ئه‌وتۆ نه‌كراوه، تا ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌نێك له سه‌ر ئه‌نجامدانى پێشێلكارى به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان سزا نه‌دراوه. وه‌ك دیارده‌یه‌كى دڵخۆشكه‌ر و به پیره‌وه‌هاتنى ناوه‌رۆكى راپۆرته‌كانمانه‌وه رۆژی (20-6-2010) به‌رێز ئازاد عیزه‌دین مه‌لا فه‌ندیی راوێژكاری یاسایی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی كرد و به ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا و لیژنه‌ى داكۆكى راگه‌یاند" كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان خۆی به پاڵپشتی سه‌ندیكاو رۆژنامه‌نووسان ده‌زانێت و ئاماده‌یه له به‌رامبه‌ر هه‌رجۆره پێشێلكارییه‌ك كه له دژی رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت، به‌دواداچوون بكات و له‌مباره‌یه‌وه بڕیاری پێویست وه‌ربگرێت و له‌داهاتوشدا به نیازه چه‌ند هه‌نگاوێك بنێت بۆ خزمه‌تى رۆژنامه‌نووسان وبنبڕكردنى سه‌رپێچى و پێشێلكارى و ته‌نانه‌ت سزادانى ئه‌وانه‌ش كه له‌و بواره‌دا پێچه‌وانه‌ى یاسا ره‌فتار ده‌كه‌ن.
له كۆتایدا ده‌بێ رونى بكه‌ینه‌وه كه ئه‌م راپۆرته بریتیه له ره‌وشى رۆژنامه‌گه‌رى له هه‌رێمى كوردستان، به هه‌موو خاڵه پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤه‌كانیه‌وه.
واتا چۆن پێشێلكارى به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان كراوه، جاروبار خودى رۆژنامه‌نووسانیش مامه‌ڵه‌ى واقعیان نه‌كردوه و پێشێلى یاسایان كردوه.
له‌م راپۆرته‌دا (1) حاڵه‌تى تیرۆركردن و (4) حاڵه‌تى هه‌ره‌شه‌لێكردن و (18)حاڵه‌تى لێدان و (35) حاڵه‌تى پێشێلكارى جۆراوجۆر و (3) حاڵه‌تى ده‌ستگیركردن و (1) حاڵه‌تى هه‌وڵى رفاندن و (1) حاڵه‌تى هه‌وڵى تیرۆر، (2) حاڵه‌ت دۆسیه‌ى دادگا، (4) حاڵه‌تى تایبه‌ت، (18) حاڵه‌تى هه‌ره‌شه‌كردن له رۆژنامه‌نووسان له رێگاى مۆبایله‌وه، (176) كتابى ره‌سمى دۆسیه‌كانى دادگا و پۆلیس و ئاسایش و رۆژنامه‌نووسان، (13) راگه‌یاندنى ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا و لیژنه‌ى داكۆكى له شه‌ش مانگى رابردوودا تۆماركراون.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه زۆربه‌ى ئه‌م ئامارانه له‌سه‌ر سكاڵاى رۆژنامه‌نووسان تۆماركراون وداواكاریشین بۆ راپۆرته‌كانى داهاتوو، رۆژنامه‌نووسان له هه‌ر پێشێلكاریه‌ك ده‌كرێته سه‌ریان سكاڵاى خۆیان بده‌نه لیژنه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانیان بكه‌ین له‌كات‌و ساتى خۆیدا.
لیژنه‌ى داكۆكى
له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان
30/6/201
یه‌كه‌م:
تیرۆر
1- رۆژى (6/5/2010) رۆژنامه‌نووس و فێرخوازى زانكۆ (سه‌رده‌شت عوسمان) له یه‌كێك له گه‌ره‌كه‌كانى شارى موسڵ ته‌رمه‌كه‌ى به فرێدراوى ده‌دۆزرێته‌وه كه پێشتر سه‌رله‌به‌یانى (4/5/2010) له نێوان كۆلێژى ئاداب و په‌یمانگاى هونه‌ره جوانه‌كان له شارى هه‌ولێر له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراوه‌وه فرێندرابوو.
له‌م باره‌یه‌وه جیا له‌وه‌ى هه‌ر زوو لیژنه‌كه‌مان په‌یوه‌ندى كرد به به‌رێز وه‌زیرى ناوخۆوه بۆ ده‌ستگیركردنى تاوانباران، سه‌ره‌راى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا و پاش تێپه‌ڕبوونى نزیكه‌ى دوو مانگ دۆسیه‌كه‌ى یه‌كڵاى نه‌كراوه‌ته‌وه و بكوژانى سه‌رده‌شتیش نه‌دۆزراونه‌ته‌وه.
دووه‌م:
هه‌ڕه‌شه
1- له‌ماوه‌ى ڕۆژانى (12-17/2/2010) هه‌ره‌شه له‌به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینى رۆژنامه‌ى پرس (فه‌ره‌یدون بێوار) له هه‌ولێر و سوكایه‌تى پێده‌كرێت، به هۆى بڵاوكردنه‌وه‌ى دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (كه‌ژاڵ ئاده‌مى) له رۆژنامه‌ى پرس، وهه‌ره‌شه‌ى كوشتى لێكراوه.
2- رۆژى (4/3/2010) له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه له‌شارى هه‌ولێر، هێرشكرایه سه‌ر رۆژنامه‌نووس (هێمن مامه‌ند) په‌یامنێرى رۆژنامه‌ى ئاوێنه و رادیۆى نه‌وا ته‌نانه‌ت كامێراكه‌ى لێده‌ستێنن و سوكایه‌تى پێده‌كه‌ن و به‌مۆبایلیش هه‌ره‌شه‌ى لێده‌كه‌ن.
3- رۆژى (5/3/2010) تیمێكى كه‌ناڵى سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان كه پێكهاتبوون له (حسێن محه‌مه‌د-په‌یامنێر، رێگر ئه‌تروشى- وێنه‌گر، كاروان ئیبراهیم- شۆفێر) له شارۆچكه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه له‌لایه‌ن لایه‌نگرانى لیستى گۆڕانه‌وه ده‌ستدرێژیان ده‌كرێته سه‌رو داواى كامێراكه‌یان لێده‌كرێ، پاش ئه‌وه‌ى كامێراكه ته‌سلیم ناكه‌ن، به‌ر ده‌سترێژى گولله ده‌درێن و ته‌قه‌یان لێده‌كرێ و ناچاركران له‌و شوێنه دوركه‌ونه‌وه و بۆ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێك ئۆتۆمبێله‌كه له شوێنى روداوه‌كه به‌جێده‌هێڵن، له‌و ڕوداوه‌شدا چه‌ند هاوڵاتیه‌ك بریندار بوون كه یه‌كێكیان ناوى ( شۆڕش كانیبه‌ردینه‌ییه) له‌و بریندارانه‌ش یه‌كێكیان منداڵه. له‌م باره‌یه‌وه لێپرسراوى په‌یامنێرانى سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان سكاڵایه‌كى داوه‌ته لیژنه‌ى داكۆكى، رایگه‌یاند كه‌روداوه‌كه به‌تۆماركراوى لایانه.
4- رۆژنامه‌نووس (سمكۆ عه‌بدولكه‌ریم) به‌رپرسی نووسینگه‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ له هه‌ولێر، به‌پێی سكاڵایه‌كی له رۆژی 12/5/2010 داویه‌تیه لیژنه‌ى داكۆكى، رایگه‌یاندوه؛ له شاری هه‌ولێر و له رۆژی 7/5/2010 گولله‌یه‌ك له سه‌یاره‌كه‌ی دراوه‌و، شه‌وی 11/5/2010 به ئیمێلێكی نه‌ناسراو هه‌ره‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه.
سێ یه‌م:
لێدان
1- ئێواره‌ى (9/2/2010) له فولكه‌ى نالى له شارى سلێمانى، دوو كه‌س په‌لامارى رۆژنامه‌نووس (نه‌به‌ز گۆران) سه‌رنوسه‌رى گۆڤارى جیهان ده‌ده‌ن و لێى ده‌ده‌ن.
2- رۆژى (14/2/2010) له كاتى روماڵكردنى هه‌واڵ له ده‌زگاى خانه‌نشینى پێشمه‌رگه، پاسه‌وان و هه‌ندێ فه‌رمانبه‌رى ئه‌و ده‌زگایه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر دوو تیمى رۆژنامه‌وانى(KNN) و پاش لێدان و په‌لامار و سوكایه‌تى ئازادیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر كاسێت و كه‌ره‌سته رۆژنامه‌نوسیاییه‌كانیاندا، به‌ڵام دواتر به‌هۆى لیژنه‌ى داكۆكیه‌وه كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆ ده‌گه‌رێته‌وه، تیمه‌كه پێكهاتبون( له هه‌ریه‌ك له بڕیار نامیق، هۆشمه‌ند فه‌لاح - محه‌مه‌د خه‌لیفه ، ره‌نجده‌ر حسێن و هه‌ردى ئه‌حمه‌د).
3- شه‌وى (16/2/2010) له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێك له هێزه‌كانى ئاسایش له‌شارى سلێمانى، هێرش ده‌كرێته سه‌ر رۆژنامه‌نووس (توانا بابه عه‌لى) له‌رۆژنامه‌ى ئاسۆ، پاش لێسه‌ندنى كامێراكه‌ى، سوكایه‌تى پێده‌كه‌ن و لێیده‌ده‌ن.
4- شه‌وى ( 18-19 /2/2010) له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه به‌جلى سه‌ربازیه‌وه له‌شه‌قامى سالمى شارى سلێمانى هێرشده‌كرێته سه‌ر ڕۆژنامه‌نووس (ئارا ئیبراهیم) به‌رپرسى په‌یامنێران له ڕۆژنامه‌ى هاوڵاتى و لێسه‌ندنى كامێرا‌و كاسێته‌كه‌یى و لێدان و سوكایه‌تى پێكردنى.
5- ڕۆژى (18/2/2010) له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه هێرشده‌كرێته سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان (شاسوار مامه) په‌یامنێرو (كاروان ئه‌نوه‌ر) وێنه‌گر له كه‌ناڵى (KNN) له رانیه‌و شكاندنى جام و لایتى ئوتۆمبێله‌كه‌ى و پێگه‌یاندنى زیانى زۆر و شكاندنى سه‌رى شۆفێرى ئوتومبێله‌كه‌یان، هه‌روه‌ها به‌هه‌مانشێوه رۆژى (4/3/2010) جارێكى تر له‌ناحیه‌ى چوارقوڕنه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه په‌لامارى ئه‌م تێمه ده‌درێت و كامێراكه‌یان لێده‌ستێنن و سوكایه‌تیان پێده‌كه‌ن.
6- رۆژى (25/2/2010) له دهۆك، له‌كاتێكدا تیمى كه‌ناڵى (KNN)كه هه‌ریه‌كه له‌په‌یامنێر ( نیهاد حه‌مزۆ خالد) و وێنه‌گر(سه‌عید عه‌بدولره‌حمان حسێن) سه‌رقاڵى كارى رۆژنامه‌وانى خۆیان بوون له‌گوندى (خالده) له ناحیه‌ى زمارى سه‌ر به‌پارێزگاى موسڵ كه نزیكه له دهۆكه‌وه. به‌پێى سكاڵاكه‌یان چه‌ند كه‌سێك به‌به‌رچاوى ئاسایشى ئه‌و شوێنه‌وه هێرشیانده‌كه‌نه سه‌رو پاش هه‌ره‌شه و لێدان سوكایه‌تیشیان پێده‌كرێت و سه‌رو ده‌ست و قاچیان ده‌شكێنرێت و ئۆتۆمبێله‌كانیشیان ده‌شكێنرێت، دواترله نه‌خۆشخانه‌ى دهۆك چاره‌سه‌رى پزیشكیان بۆ ده‌كرێت.
7- ئێواره‌ى (4/3/2010) تیمێكى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى كه پێكهاتبوون له (ئارا ئیبراهیم، سوركێو محه‌مه‌د، سۆران ئه‌حمه‌د) له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانى لقى چوارى (پ.د.ك) هێرشده‌كرێته سه‌ریان و لێیانده‌ده‌ن و كامێراكانیان لێ ده‌ستێنن و ئازارێكى زۆریان ده‌ده‌ن.
8- رۆژى (4/3/2010) له‌به‌رده‌م لقى چوارى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، پاسه‌وانه‌كانى لقى چوار هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر تیمێكى كه‌ناڵى (KNN) و له لقدا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌كه‌ن، پاش سوكایه‌تى پێكردن، ئازاد ده‌كرێن، تیمه‌كه‌ش پێكهاتبوون له هه‌ریه‌ك له (بڕیار نامیق و هه‌ردى به‌هادین).
9- سه‌رله‌به‌یانى رۆژى (4/3/2010) فه‌رمانده‌ى لیواى هه‌ولێرى (ى.ن.ك) له كۆیه له‌په‌یامنێرى (KNN) (ئارى سابیر) ى داوه و سوكایه‌تى زۆرى پێكردوه.
10- رۆژى (7/3/2010) له خوێندنگه‌ى شه‌هید به‌هرام له‌هه‌ولێر هه‌ره‌شه‌ى كوشتن له‌په‌یامنێرانى سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان (به‌شدار عه‌بدولره‌حمان و یوسف مسته‌فا) كراوه‌و دواتر تووشى لێدان بونه‌ته‌وه.
11- رۆژى ده‌نگدانى گشتى له (7/3/2010) له بنكه‌ى پۆلیسى سه‌رهه‌ڵدان له‌هه‌ولێر ملازمى یه‌كى پۆلیس له‌و بنكه‌یه هێرشده‌كاته سه‌ر په‌یامنێرى (KNN) (به‌رزان حه‌سه‌ن) و پاش لێدان و سوكایه‌تى پێكردن و پاشان به‌ده‌مانچه هێرش ده‌كاته سه‌رى و هاوڵاتیان فریاى تیمى كه‌ناڵه‌كه ده‌كه‌ون.
12- رۆژى (7/3/2010) له بێستانه به‌رپرسى ناوچه‌و كادرانى ناوچه‌ى (پ.د.ك)ى بێستانه هه‌ره‌شه‌یان له‌هه‌ردوو كارمه‌ندى سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان به‌ناوه‌كانى (بۆتان ره‌شید و سۆران) كردووه‌و له‌ئه‌نجامدا لێیانداون و له‌گه‌رانه‌وه‌ى هه‌ردوو كارمه‌نده‌كه‌شدا له بازگه‌ى هه‌ولێر- كه‌ركوك بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر (ئه‌ڤین به‌هجه‌ت)ى په‌یامنێرو وێنه‌گره‌كه‌یان راگرتووه‌و داواى كاسێتیان كردووه و بۆ ماوه‌ى (2) كاتژمێر ستافه‌كه‌و كامێراكه حیجزكراون.
13- به‌پێى سكاڵایه‌ك كه‌دراوه به لیژنه‌ى داكۆكى رۆژى (7/3/2010) له هه‌ولێر تیمى "سپێده" كه‌پێكهاتبوو له ئه‌ڵوه‌ند حه‌مید په‌یامنێرو وێنه‌گران ئیحسان محه‌مه‌د و سه‌یاف ئه‌حمه‌د" له هۆڵى گه‌ل كه‌وتنه‌به‌ر لێدان و په‌لامار دان و جوێن پێوتن له لایه‌ن پۆلیس و ئاسایشه‌وه.
14- رۆژى(7/3/2010) له خۆرماڵ وێنه‌گرى كه‌ناڵى سپێده (ئوسامه عبدالرحمان )له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه له‌كاتى روماڵكردنى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن، په‌لامار دراو لێیداراوه .
15- رۆژى(7/3/2010) له كۆیه (فازل شه‌ریف- په‌یامنێر، شاڵاو خدر- وێنه‌گر) له‌كاتى رووماڵكردنى ده‌نگدان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه له هه‌ردووكیان دراوه‌و كامێراكه‌ش تادره‌نگانى شه‌و ده‌ست به‌سه‌ر كراوه‌و به هاوكارى چه‌ند ناسیاوێك كامێراكه وه‌رگیراوه‌ته‌وه، به‌ڵام كاسێته‌كه‌یان نه‌دراوه‌ته‌وه .
16- رۆژنامه‌نووس (نه‌شوان ئه‌حمه‌د سه‌عید) په‌یامنێری سایتی چاو‌دێر و جێگری سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری"خه‌ڵك" له سلێمانى رۆژی 3/4/ 2010 له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراوه‌و به‌چه‌ك هێرشیان كردۆته سه‌ری و رێگه‌یان لێگرتووه و لێیان داوه و داوای زانیاریان له‌سه‌ر"سه‌رده‌شت حه‌مه ساڵح"ى سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری "خه‌ڵك" لێكردوه.
17- هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس (وریا حه‌سه‌ن و عوسمان عه‌لی) په‌یامنێرانی ته‌له‌فزیۆنی "په‌یام" له سلێمانی، به‌پێی سكاڵایه‌كیان بۆ لیژنه‌ى داكۆكى، له‌رۆژی 17/4/2010 له‌كاتی روو ماڵكردنی خۆپیشاندانی خوێندكاران‌دا، له ئه‌نجامی ئاو پرژاندنی هێزه‌كانی پۆلیسى چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان كامێرایه‌كی ته‌له‌فزیۆن و كامیرایه‌كی فۆتۆیان سوتاوه و له‌لایه‌ن پۆلیسه‌كانه‌وه به‌دار لێیاندراوه.
18- رۆژنامه‌نووس "دیده‌ن مه‌جید خزر" په‌یامنێری ته‌له‌فزیۆنی "سپێده" له سلێمانی و "سه‌فین ئیسماعیل" فۆتۆگرافه‌ری رۆژنامه‌ی"ئاسۆ" له سكاڵایه‌كدا بۆ لیژنه‌ى داكۆكى ده‌ڵێن له‌خۆپیشاندانی خوێندكاران له (17/4/2010) له‌به‌رده‌م په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌لایه‌ن پۆلیسى چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه به‌دار لێیان دراوه و سووكایه‌تیان پێكراوه و كه‌لوپه‌لى رۆژنامه‌وانیان زیانى پێگه‌یشتوه‌و ئازارێكى زۆر به‌جه‌سته‌ى سه‌فین گه‌یشتووه.
چواره‌م:
پێشێلكارییه‌كان‌و په‌لاماردان
1- رۆژنامه‌نووس "هێمن مامه‌ند" سكاڵایه‌كی بۆ لیژنه‌ى داكۆكى ناردوه، كه له رۆژی (12/1/2010)، له‌لایه‌ن پاسه‌وانێكی كونسڵخانه‌ی ئێران له‌هه‌ولێر، رێگه‌ی لێگیراوه وێنه‌ی كونسڵخانه بگرێ و سوكایه‌تی پێكراوه، له‌و كاته‌دا كه‌مێك پێش كاتی به‌ستنی كۆنفراسێكی رۆژنامه‌نووسی له‌كونسڵخانه، چۆته ئه‌وێ دواتر له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ری رۆشنبیری كونسڵخانه داوای لێبوردنی لێكراوه.
2- رۆژنامه‌نووس (ئیحسان مه‌لا فوئاد) په‌یامنێری رۆژنامه‌ی"ئاوێنه" له شارۆچكه‌ی كفری، به پێی سكاڵایه‌ك بۆ لیژنه‌ى داكۆكى دوای ئه‌وه‌ی هه‌شت جار به‌ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی به به‌رێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی كاره‌بای كفرى كردووه و وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه، نامه‌یه‌كی بۆ ناردوه كه بۆ وه‌ڵام ناداته‌وه، دواتر ئه‌و پۆلیسی ناردووه به كه‌له‌پچه‌كراوی براوه‌ته به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كفری و دواتر به‌رێوه‌به‌ری كاره‌با ته‌نازولی له‌داواكه‌ی كردوه‌و ئازاد كراوه.
3- رۆژنامه‌نووس "به‌همه‌ن عومه‌ر" په‌یامنێری رۆژنامه‌ی میدیا به پێی سكاڵایه‌ك كه له‌رۆژی (12/1/2010) داوییه‌ته لیژنه‌ى داكۆكى، له‌كاتی كارێكی رۆژنامه‌نووسی له كه‌سنه‌زان له‌لایه‌ن نه‌قیبێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه جنێوی پێدراوه و سوكایه‌تی پێكراوه. لیژنه‌ی داكۆكی به‌دواداچونی كردووه، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێكهێناوه.
4- رۆژنامه‌نووس "ئارام نه‌جمه‌دین" په‌یامنێری(KNN)له هه‌ڵه‌بجه، له سكاڵایه‌كدا بۆ لیژنه‌ى داكۆكى ده‌ڵێ له رۆژی 25/1/2010 له‌لایه‌ن پرسگه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه رێگه‌ی پێنه‌دراوه هه‌واڵ بگوازێته‌وه، سووكایه‌تیان پێكردووه و جنێویان پێداوه.
5- ڕۆژى (16/2/2010) له‌لایه‌ن كه‌سانى نه‌ناسراوه‌وه هێرشده‌كرێته سه‌ر ئوتومبێلى جێگرى نه‌قیبى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان (مسته‌فا ساڵح كه‌ریم) له سلێمانى و له به‌رده‌م ماڵى خۆى، بۆیه‌ى ره‌ش له سه‌یاره‌كه‌ى ئه‌ده‌ن و زیان به‌ئوتومبێله‌كه‌ى ده‌گه‌یه‌نن.
6- شه‌وى (16/2/2010) له‌شه‌قامى سالم له‌سلێمانى هێرشده‌كرێته سه‌ر رۆژنامه‌نووس (سامان مه‌جید) له رۆژنامه‌ى هاوڵاتى و لێسه‌ندنى كامێراكه‌یى و ناسنامه‌ى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان دوو رۆژ دواتر كۆمه‌ڵێ كه‌س جارێكى تر په‌لامارى سه‌یاره‌كه‌ى جێگرى نه‌قیب ئه‌ده‌ن كه خۆى تێدا نه‌بوه و زیانى پێ ده‌گه‌یه‌نن.
7- شه‌وى ) 18-19 /2/2010) هێرشده‌كرێته سه‌ر ئوتومبێلى ڕۆژنامه‌نووس (شوان داودى) ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا و شكاندنى جامه‌كانى له شارى سلێمانى.
8- له‌شه‌وى (19/2/2010) له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌شارى سلێمانى، ئاسایش په‌لامارى تیمى كه‌ناڵى (KNN)ده‌ده‌ن و ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر كاسێته‌كانیاندا، تیمه‌كه‌ش پێكهاتبون له هه‌ریه‌ك له (بڕیار نامق- په‌یامنێر و كوردۆ نه‌ژادى- وێنه‌گر).
9- ڕۆژى (19/2/2010) هێرشده‌كرێته سه‌ر هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسان (زانیار ئه‌سعه‌د) و (سه‌یاف ئه‌حمه‌د) له كه‌ناڵى "سپێده" له شارۆچكه‌ى كه‌سنه‌زان له هه‌ولێر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه ته‌قه‌یان لێده‌كرێت و سوكایه‌تیان پێده‌كه‌ن.
10- به‌پێى سكاڵایه‌ك كه‌درایه لیژنه‌ى داكۆكى رۆژى (19/2/2010) له هه‌ولێر له كاتى روماڵكردنى كه‌ژاوه‌ى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له كه‌سنه‌زان له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه هێرشیان كراوه‌ته سه‌روو ته‌قه‌یان له زانیار ئه‌سعه‌د په‌یامنێر و سه‌یاف ئه‌حمه‌دى وێنه‌گر كردوه .
11- شه‌وى ( 20-21 /2/2010) له سلێمانى هێرشده‌كرێته سه‌ر په‌یامنێرى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى (سۆران ئه‌حمه‌د)و لێسه‌ندنى كامێراكه‌ى و دواتر له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه ده‌برێته بنكه‌ى رزگارى و فۆرمى پێ پڕده‌كرێته‌وه و ئازاد ده‌كرێت.
12- رۆژى (4/3/2010) ئاسایشى كه‌لار به‌بیانوى نه‌بونى مۆڵه‌ت و قسه‌كردن به‌حكومه‌ت ده‌چنه سه‌ر (رادیۆى ده‌نگ) له‌شارۆچكه‌ى كه‌لار و رادیۆكه‌یان پێ داده‌خه‌ن و به‌شێك له‌كه‌لوپه‌له‌كانیان ده‌به‌ن، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ى داكۆكی و سكرتێرى سه‌ندیكا و په‌یوه‌ندیكردن به‌ئاسایشى سلێمانى و كه‌لاره‌وه كه‌لوپه‌له‌كانیان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و رادیۆكه ده‌ستده‌كاته‌وه به په‌خشى خۆى.له‌و باره‌یه‌وه به‌رێوه‌به‌رى رادیۆى ناوبراو سكاڵایه‌كى داوه‌ته لیژنه‌ى داكۆكى.
13- رۆژى (4/3/2010) له‌رۆژانى كاتى ده‌نگدانى تایبه‌ت له‌وڵاتى به‌ریتانیا نوسینگه‌ى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان رێگه له‌رۆژنامه‌نووسان و په‌یامنێرانى كه‌ناڵه‌كانى (كوردستان، كوردسات، KNN، نه‌ورۆز و زاگرۆس) ده‌گرن بۆ كارى تایبه‌تى خۆیان و ته‌نانه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر كامێراى هه‌ندێكیاندا ده‌گرن، هه‌رله‌مباره‌یه‌وه نوسینگه‌ى ده‌ره‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى سه‌ندیكا راگه‌یاندنێكى سه‌باره‌ت به‌و كاره نه‌شیاوه‌ى كۆمسیۆن بڵاوكرده‌وه.
14- به‌پێى ئه‌و راپۆرت و سكاڵایانه‌ى كه به‌لیژنه‌كه‌مان گه‌یشتون له‌كاتى ده‌نگدانى تایبه‌ت و گشتیدا له‌رۆژانى (4-7/3/2010) له ناوچه‌ى خه‌بات له‌هه‌ولێر و له‌شارى سلێمانى، هه‌ولێر، كه‌لار و خورماڵ له‌چه‌ند بنكه‌یه‌كى تر، له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایش و پۆلیسه‌وه رێگرى له رۆژنامه‌نووسان (وریا حسێن، نه‌وزاد ره‌حمان، به‌ختیار حسێن، عومه‌ر نه‌جم تالب، ئومێد عوسمان، ئه‌نوه‌ر سه‌باح و رێبوار یوسف، رێبوار حامید) په‌یامنێر و كامێرامانى كه‌ناڵى (په‌یام) په‌لامار ده‌درێن و هێرشیان ده‌كرێته سه‌ر و ناچار ده‌كرێن له‌شوێنى بنكه‌كه دوربكه‌ونه‌وه توندوتیژیان به‌رامبه‌ر كراوه له‌هه‌ندێك شوێن رێگایان نه‌داوه كارى خۆیان بكه‌ن و وێنه‌ى ده‌نگدانه‌كه بگرن.له‌لایه‌كى تره‌وه كامێرامانى په‌یام (رێبوار حامید) كامێراكه‌ى لێ سه‌ندراوه‌و ئازارى جه‌سته‌ى دراوه‌و كامێراكه‌ى شكێندراوه.
15- ئێواره‌ى (7/3/2010) له‌لایه‌ن چه‌ند كارمه‌ندێكى ئاسایشى كۆیه‌وه په‌لامارى په‌یامنێرى رۆژنامه‌ى (ئاوێنه) ده‌درێت، هێرشده‌كه‌نه سه‌رى و قسه‌ى پێده‌ڵێن و رێگا ناده‌ن وێنه بگرێت.
16- كاتژمێر (8) ى به‌یانى له (7/3/2010) له‌شارى كه‌ركوك رێگه له په‌یامنێر و كامێرامانى KNN)) (ئارام جه‌مال و شێرزاد یاسین، ئارام نه‌جم و هانا سدیق) گیرا كه بچنه بنكه‌ى ده‌نگدانى قوتابخانه له‌لایه‌ن پۆلیس و پاسه‌وانى بنكه‌كه‌وه سوكایه‌تیان پێكراوه.
17- رۆژى (7/3/2010) له‌شارى كه‌لار كارمه‌ندێكى ئاسایش هێرشده‌كاته سه‌ر په‌یامنێرى ئاوێنه (كاوه ئه‌حمه‌د) و سوكایه‌تى پێده‌كات.
18- ر‌وژى (7/3/2010) تیمێكى سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان كه پێكهاتبوون له (مونیر سه‌لیم په‌یامنێر، ره‌وا عومه‌ر- وێنه‌گر، ئه‌رشه‌د- شۆفێر) بۆ روماڵكردنى به‌رێوه‌چونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان له‌زه‌رایه‌ن له‌لایه‌ن نوێنه‌رى لیستى گۆران و دوو كه‌سى تر له لایه‌نگرانیان په‌لامارى تیمه‌كه ده‌ده‌ن.
19- رۆژى (7/3/2010) له خانه‌قین تا سه‌عات (9)ى به‌یانى رێگرى له تیمى كه‌ناڵى گه‌لى كوردستان كراوه‌و له‌لایه‌ن كۆمیسۆن و پۆلیسى دیاله‌وه نه‌یانهێشت كارى راگه‌یاندن‌و وێنه‌گرتنى پرۆسه‌كه به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن.
20- رۆژى (7/3/2010) له قه‌زاى سۆران له هه‌ریه‌ك له خوێندنگه‌كانى (سه‌ركه‌وت، سه‌هه‌ند، بنكه‌ى ته‌ندروستى هه‌رێم، بنكه‌ى سۆران) له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ئاسایشه‌وه رێگرى له ستافى كه‌ناڵى سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان كراوه و نه‌یانهێشتوه هیچ وێنه‌یه‌ك بگرن و هه‌وڵیشدراوه ده‌ستدرێژى بكرێته سه‌ر (ئیسماعیل ئه‌بابه‌كر)ى وێنه‌گر.
21- رۆژى (7/3/2010) له ناحیه‌ى تۆپزاوا له‌لایه‌ن ملازمێكه‌وه له‌به‌رده‌م خوێندنگه‌یه‌ك هه‌ره‌شه له‌په‌یامنێرى سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان (قاره‌مان جه‌وهه‌ر) و كامێرامان( ئارام عوسمان) كراوه و رێگه نه‌دراوه وێنه بگرن و پێیان راگه‌یاندون كه به‌بریارى به‌رێوه‌به‌رى ناحیه نابێت له‌م ناحیه‌یه بمێنه‌وه ئه‌گه‌رنا توشى سزا ده‌بن و كامێراكه‌تان ده‌شكێنین.
22- رۆژى (7/3/2010) له بازگه‌ى مه‌خمور له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رو چه‌ند ئاسایشێكه‌وه هه‌ره‌شه كراوه له‌كامێرامان (سه‌نعان هه‌ولێرى) له‌سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان و قسه‌ى ناشرینى پێوتراوه و نه‌یانهێشتوه وێنه‌بگرێت له‌هه‌مان رۆژ له خوێندنگه‌ى شه‌فه‌قى هه‌ولێر هه‌ره‌شه‌ى كوشتن له‌په‌یامنێرى كه‌ناڵه‌كه (هه‌ریاد كه‌ریم) و سه‌نعان هه‌ولێرى كراوه به‌رامبه‌ر په‌خشكردنى ئه‌و وێنه‌یه‌ى كه تیمه‌كه گرتویانه كه به‌ئاشكرا ته‌زویر كراوه.
23- له‌رۆژى (7/3/2010) له خوێندنگه‌ى فیدراڵى شارى هه‌ولێر هه‌ره‌شه‌ى كوشتن له(عه‌باس عه‌بدولره‌حمان، سه‌نعان هه‌ولێرى) له‌سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان كراوه.
24- رۆژى (7/3/2010) (میران به‌كر) و(نه‌به‌ز حوسێن) له‌سه‌ته‌لایتى گه‌لى كوردستان له‌خوێندنگه‌ى حه‌مدى سه‌ره‌تایى هه‌ولێر مولازمى ئه‌و بنكه‌یه‌و چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراو بریارى راگرتنیان ده‌ده‌ن له وێنه‌گرتن و به‌هۆى چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ چاودێرانى یه‌كگرتوو و گۆران بانگراون و له‌ژورێكدا داواى كاسێته‌كه كراوه.
25- له رۆژى ده‌نگدانى گشتى له (7/3/2010) له بنكه‌ى ساوێن له گه‌ڕه‌كى هه‌ڤاڵان له هه‌ولێر چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كى سه‌ر به پارتى دیمو‌كراتى كوردستان په‌لامارى تیمى كه‌ناڵى(KNN) ده‌ده‌ن كه‌پێكهاتبون له هه‌ریه‌كه له (مه‌ریوان مه‌لا حه‌سه‌نى په‌یامنێر و ئیبراهیم محه‌مه‌دى وێنه‌گر) ده‌ستده‌گرن به‌سه‌ر كاسێت و كه‌ره‌سته‌ى رۆژنامه‌وانیاندا.
26- رۆژى (7/3/2010) تیمێكى كه‌ناڵى "سپێده" له‌به‌رده‌م هۆڵى گه‌ل له هه‌ولێر له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كدار كه‌وتنه به‌رده‌م په‌لاماردان.
27- له‌رۆژى (7/3/2010) له‌چه‌ند شوێنێكى جیاجیاى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌یه‌ك پێشێلكارى به‌رامبه‌ر په‌یامێنرانى كه‌ناڵى "سپێده" ئه‌نجامدراون له‌وان(چیمه‌ن عه‌لى، هێرش حامید، سامان محه‌مه‌د، ئارام سه‌عدى، زه‌رده‌شت كه‌ریم، عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم، ئیحسان محه‌مه‌د، سه‌یاف ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د و زانیار ئه‌سعه‌د).
28- رۆژى (7/3/2010) له‌شارى هه‌ولێر په‌لامارى رۆژنامه‌نووس "هۆگر حسێن" له كه‌ناڵى ئازادى حزبى شیوعى ده‌درێت‌و سوكایه‌تى پێده‌كرێت‌و رێگا نادرێت وێنه بگرێت.
29- رۆژى (7/3/2010) (ئارى عوسمان) په‌یامنێرى رۆژنامه‌ى (رووداو) له‌بنكه‌ى ده‌نگدان له‌هه‌ولێر له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه كامێراكه‌ى لێ سه‌ندراوه‌و دواتر میمۆریه‌كه‌یان بردوه‌و بۆیان نه‌گێڕاوه‌ته‌وه.
30- رۆژى (7/3/2010) له شارى هه‌ولێر رێگه نه‌درا به تیمى كه‌ناڵى ئاسمانى "سپێده" بۆ رووماڵكردنى ده‌نگدانى ئه‌میندارى گشتى و سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتوو له قوتابخانه‌ى شایسته .
31- به‌پێى سكاڵایه‌ك كه‌دراوه‌یه لیژنه‌ى داكۆكى رۆژى 7/3/2010 له هه‌ولێر تیمى "سپێده" كه‌پێكهاتبوو له وێنه گران (عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم و هێرش حامید و زه‌رده‌شت كه‌ریم ) له قوتابخانه‌ى قازى محه‌مه‌د له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه هێرشیان كراوه‌ته‌سه‌رو و چه‌كیان لێ راكێشاون و كه‌وتوونه‌ته دواى تیمى "سپێده" .
32- به‌پێى سكاڵایه‌ك كه‌دراوه به لیژنه‌ى داكۆكى رۆژى 7/3/ 2010 له هه‌ولێر، تیمى ته‌له‌فیزیۆنى "سپێده" كه پێكهاتبوو له چیمه‌ن عه‌لى په‌یامنێرو هێرش حامید و سامان محمد و ئارام سه‌عدى وێنه گران له قوتابخانه‌ى ساوێن بۆ ماوه‌ى كاتژمێر‌و نیوێك ده‌ست به‌سه‌ر كراون و رێ‌یان نه‌دراوه ڕومالى پرۆسه‌ى ده‌نگدان بكه‌ن و هه‌مان تیم له شوێنى تر كامێراكانیان لێ لێده‌سێندرێت.
33- رۆژنامه‌نووس "كارزان جه‌مال" په‌یامنێری هه‌ولێری سه‌ته‌لایتی گه‌لی كوردستان، به پێی سكاڵایه‌كی بۆ لیژنه‌ى داكۆكى ده‌ڵێ كه رۆژی (1/4/2010) له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌ی بروسك و چه‌ند ئه‌فسه‌ر و ئاسایشی نێو یاریگاكه‌وه له‌ژێر هه‌ره‌شه‌دا كاسێته‌كه‌ی لێسه‌ندراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی یاری نێوان بروسك و یانه‌ی هه‌ولێردا شه‌ڕ دروستبووه و ئه‌ویش هه‌ڵساوه به وێنه گرتنى روداوه‌كان، به‌ڵام رێگرى له‌كاره‌كانى كراوه.
34- رۆژنامه‌نووس "هه‌ژار ئه‌نوه‌ر و مۆفه‌ق فه‌یسه‌ڵ خورشید" په‌یامنێرانی(KNN) له‌هه‌ولێر به پێی سكاڵایه‌كیان له رۆژی (2/4/2010)بۆ لیژنه‌ى داكۆكى رایانگه‌یاند، له‌كاتی روو ماڵكردنی وه‌رگرتنی هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌ندام له‌بنه‌سڵاوه، له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی ئاسایشى بنه‌سڵاوه، رێگه‌یان لێگیراوه و سو‌و كایه‌تیان پێكراوه.
35- رۆژی 20/6/2010 له كاتی روماڵكردنی ئاگر كه‌وتنه‌وه له شوقه‌كانی ناز ستی له هه‌ولێر، ستافی به‌رنامه‌ی (زووم ئین) له كه‌ناڵى كوردستان تیڤى كه پێكهاتبوون له رۆژنامه‌نووسان"رزگار كۆچه‌ر و ئه‌حمه‌د حه‌مید" به‌بریاری به‌رپرسی پاسه‌وانه‌كانی شوقه‌كان دوای رێگرتن و سوكایه‌تی پێكردن كامێراكه‌یان ده‌شكێنن و ده‌كه‌ونه جوێن دان و سوكایه‌تى پێكردن و تۆمه‌تباركردنیان به‌شتى جیاواز جیاواز.
پێنجه‌م:
ده‌ستگیركردن و زیندانى
1- رۆژنامه‌نووس عه‌بدولره‌حمان بامه‌رنی سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی "چاڤدێر"و "هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د" ی شاعیر له رۆژی (1/2/2010) به بریاری دادوه‌ر له لایه‌ن ئاسایشى دهۆكه‌وه به پێی ماده‌ی (433) یاسای سزاكانی عێراق، بۆ ماوه‌ی (48) كاتژمێر ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، له‌سه‌ر سكاڵایه‌ك كه له‌لایه‌ن لقی دهۆكی یه‌كێتی زانایانی ئاینی ئیسلام له‌سه‌ریان تۆمار كرا بوو، به ناوزراندن، تۆمه‌تباریان كردبوون، به‌ڵام به‌هه‌وڵی سه‌ندیكا سكاڵاكه خرایه چوارچێوه‌ی ماده(9)ی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له كوردستان و هه‌ردوو ناوبراو ئازادكران.
2-رۆژى (14/2/2010) له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سانێكه‌وه هێرشده‌كرێته سه‌ر تیمێكى (KNN)له‌كه‌ركوك كه‌پێكهاتبوون له رۆژنامه‌نووسان (تاهیر تۆفیق، ساكار بابان) دواتر له‌لایه‌ن ناوچه‌ى دووى بارودخانه‌ى (پ.د.ك) بۆماوه‌ى دوو سه‌عات ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كرێن و كامێره‌كه‌شیان ده‌شكێنرێ و سوكایه‌تیان پێده‌كرێت، به‌پێى ئه‌و سكاڵایه‌ى لاى لیژنه‌كه‌مان تۆماریان كردوه سه‌ره‌راى سوكایه‌تى، ئازارى زۆریان داون.
3- له رۆژى (4/3/2010) هه‌ر یه‌ك له په‌یامنێران ( مه‌ریوان مه‌لا حه‌سه‌ن) و وێنه‌گر( موفید فه‌یسه‌ڵ) له‌كه‌ناڵى (KNN)له سه‌عات (3) ى پاشنێوه‌ڕٍۆ له بنكه‌ى پۆلیسى شادى له‌شارى هه‌ولێر ده‌ستگیر ده‌كرێن و سوكایه‌تیان پێده‌كرێـت.
شه‌شه‌م:
هه‌وڵى رفاندن
1- به‌پێی سكاڵایه‌ك كه رۆژنامه‌نووس"سه‌باح عه‌لی قاره‌مان" داویه‌تیه لیژنه‌ى داكۆكى رۆژی(19/1/2010) له شارۆچكه‌ی كفری چه‌ند چه‌كدارێك هه‌وڵی رفاندنی ئه‌ده‌ن.. به‌پێی سكاڵای ناوبراو دام و ده‌زگا به‌رپرسه‌كانى ئاگادار كردۆته‌وه و له‌دادگا سكاڵای تۆمار كردووه. پاش ئه‌وه‌ی كه‌له (17/1/2010) رادیۆی یه‌كگرتوو ره‌خنه‌ی له كه‌م و كورتییه‌كانی شاری كه‌لار گرتووه، له‌م باره‌یه‌وه لیژنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه( په‌یوه‌ندیداره‌كان.
حه‌وته‌م:
هه‌وڵى تیرۆر
1- به‌وته‌ى سه‌رده‌شت حه‌مه ساڵح به‌رێوه‌به‌رى سایتى چاو‌دێر و خاوه‌ن ئیمتیاز و سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى خه‌ڵك رۆژى (9/3/2010) له‌شه‌قامى بازنه‌یى مه‌لیك مه‌حمود له‌شارى سلێمانى له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه ته‌قه‌ى لێ ده‌كرێت و ده‌یانه‌وێت تیرۆرى بكه‌ن، دواتر ئاسایش ده‌ست ده‌كه‌ن به‌لێكۆڵینه‌وه له‌كێشه‌كه له‌وباره‌یه‌وه سه‌رده‌شت حه‌مه‌ساڵح داواده‌كات پارێزگارى بكرێت و له‌و مه‌ترسیانه بپارێزرێت چه‌ندرۆژێك پێشتریش له‌لایه‌ن چه‌ند حزب و لایه‌نێكه‌وه هێرشكراوه‌ته سه‌ر سه‌رده‌شت حه‌مه ساڵح هه‌ره‌شه‌یان لێ كردوه. به‌پێى ئه‌و سكاڵایه‌ى كه‌رۆژى (11/3/2010) بۆ سه‌ندیكاى ناردوه ناوبراو هیچ كێشه‌یه‌كى نییه جگه له‌نووسین كه‌تێیدا ره‌خنه‌ى له‌بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى گرتووه، هه‌روه‌ها به‌هۆى بڵاوكردنه‌وه‌ى كتێبى ئایه‌ته شه‌یتانیه‌كانى "سه‌لمان روشدى"(وه‌رگێردراوى كوردى).
هه‌شته‌م:
دۆسیه‌ى دادگا
1- رۆژنامه‌نووس "ئیحسان مه‌لا فوئاد" به پێی سكاڵایه‌ك بۆ لیژنه‌ى داكۆكى، ده‌ڵێ؛ له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێك له‌سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی كفری (ی.ن.ك)، سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركراوه له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی كفرییه‌وه و دواتر له‌یه‌كه‌م دادگاییدا به‌كه‌فاله‌تی یه‌ك ملیۆن دینار ئازاد كراوه‌و، دواتریش به‌دوو دانیشتن دادگا كۆتایی به‌كێشه‌كه هێناوه.
2-هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس"سه‌باح ئه‌تروشی" به‌رپرسی نووسینگه‌ی "Aknews" له‌گه‌ڵ په‌یامنێری" Aknews "هه‌ڤاڵ فه‌ندی" له رۆژی 1/6/2010 له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێك به‌پێی ماده‌ی(9)ی یاسای كاری رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان، له‌دادگای شێخان دادگایی كران و دادگاییه‌كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس كۆتایی پێهات و دۆسیه‌كه داخرا. خه‌رجی پارێزه‌ره‌یش له‌سه‌ر سه‌ندیكا بوو.
نۆیه‌م:
تایبه‌ت
1- رۆژنامه‌نووس (رێبین فه‌تاح) په‌یامنێری رۆژنامه‌ی رۆژنامه له‌هه‌ولێر، به‌پێ ی سكاڵایه‌كی بۆ لیژنه‌ى داكۆكى ، له‌رۆژی 8/5/2010 له‌لایه‌ن یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و ئه‌و هێزه‌ی پاسه‌وانییه‌تی خۆپێشاندانه‌كه‌ی ده‌كرد و ئاسایشى په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هه‌ره‌شه‌ی لێكراوه و سوكایه‌تی پێكراوه، هه‌روه‌ها ده‌ڵێ به‌ژماره ته‌له‌فۆنێكی ئاسیا هه‌ره‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه، ئاسایش و پۆلیسی هه‌ولێر به به‌رپرسیار ده‌زانێ له پاراستنی گیانی، به پێ ی لێدوانی ئاسایش و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش ئه‌و هه‌ره‌شانه دروستكراو بوون له‌م باره‌یه‌وه لیژنه‌ى داكۆكى بڕیاریدا به دواداچون بۆ ئه‌م كێشه بكات و پاش یه‌كلابونه‌وه هه‌ڵوێستى خۆى راده‌گه‌یه‌نێت.
2- رۆژى (5/2/2010) له شارۆچكه‌ى رانیه هه‌واڵى ونبوونى سه‌رنوسه‌رى رۆژنامه‌ى (روماڵ) رۆژنامه‌نووس (ئه‌رسه‌لان مه‌حمود) بڵاوكرایه‌وه، پاش ئه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌مان په‌یوه‌ندى كرد به ده‌زگاكانى ئاسایشى سلێمانى و رانیه‌وه، لقى رانیه‌ى (پ.د.ك) ده‌ركه‌وت ناوبراو ئه‌ندامى ئه‌و حزبه‌یه و بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى حزبى بانگكراوه و نه‌فرێندراوه.
3- شه‌وى (22/3/2010) له لایه‌ن ئاسایشى شاره‌زوره‌وه رۆژنامه‌نووس (جه‌مال محه‌مه‌د فه‌رهاد) كه له‌ته‌له‌فزیۆنى كۆمه‌ڵ كارده‌كات ده‌ستگیرده‌كرێت، دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌مان په‌یوه‌ندى كرد به به‌ده‌زگاكانى ئاسایشه‌وه رایانگه‌یاند، كه ناوبراو له سه‌ر كارى رۆژنامه‌نووسى ده‌ستگیر نه‌كراوه و بانگ كردنه‌كه‌ى په‌یوه‌ندى به كارى ئه‌منیه‌وه هه‌یه.
4- دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند سكاڵایه‌ك له‌لایه‌ن هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس "عومه‌ر محه‌مه‌د و عه‌لی مه‌حمود" له‌سه‌ر یه‌كتر تۆماركران، سه‌باره‌ت به‌گرفته‌كانى رێكخرا وى چاك و كێشه‌و گرفته‌كانیان رۆژى (4/5/2010) لیژنه‌ی داكۆكی له‌باره‌گای لقى سلێمانى سه‌ندیكا دانیشتنێكیان بۆ رێكخراو كۆتایى به‌كێشه‌ی نێوانیان هێندرا.
ده‌یه‌م:
هه‌ره‌شه‌كردن له رۆژنامه‌نووسان له رێگاى مۆبایله‌وه
1-به‌پێى وته‌ى خۆیان و ئه‌و سكاڵایانه‌ى داویانه به لیژنه‌ى داكۆكى له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا، (18) رۆژنامه‌نووس، له رێگاى كورته‌نامه و ژماره‌ى نه‌ناسراوه‌وه هه‌ره‌شه‌ى كوشتن‌یان لێكراوه و جوێنكى زۆریان بۆ نێردراوه.
له به‌رامبه‌ردا لیژنه‌كه‌مان، به‌راپۆرتى ره‌سمى ده‌زگاكانى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانى لێ ئاگاداركردۆته‌وه و داواى پاراستنى گیانى رۆژنامه‌نووسانى كردوه و داواى به‌دواداچونى بۆ ئه‌و كێشانه كردوه.
هه‌موو ئه‌و سكاڵا و ژماره ته‌له‌فونانه‌ى كه هه‌ره‌شه‌یان له رۆژنامه‌نووسان كردوه دراوه‌ته ده‌زگاكانى ئاسایش و له ئه‌رشیفى لیژنه‌كه‌شمان پارێزراوه.
یانزه‌هه‌م:
دۆسیه‌كانى دادگا و پۆلیس و ئاسایش و رۆژنامه‌نووسان
1-له ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه و گیروگرفته‌كانى رۆژنامه‌نووسان به شێوه‌یه‌كى یاسایى له لایه‌ن دادگاكانه‌وه به تایبه‌تى له دواى ده‌رچونى یاساى ژماره (35)ى رۆژنامه‌گه‌رى و خستنه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كى باش له نێوان لیژنه‌كه‌مان و رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانى پۆلیس و ئاسایش و دادگاكانه‌وه به‌رێوه‌چوه، له‌م باره‌یه‌وه له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى رابردوودا له لایه‌ن دادگاكانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه (56) كتابى ره‌سمى ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌مان كراوه سه‌باره‌ت به كێشه‌كانى رۆژنامه‌نووسان، له به‌رامبه‌ردا لیژنه‌كه‌مان به (52) كتابى ره‌سمى وه‌ڵامى دادگاكانى هه‌رێمى داوه‌ته‌وه.
له لایه‌كى تریشه‌وه به هه‌مان شێوه له‌لایه‌ن ده‌زگاكانى ئاسایش و پۆلیسه‌وه (34) كتابى ره‌سمى ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌مان كراوه و له به‌رامبه‌ردا لیژنه‌كه‌مان به (22) كتابى ره‌سمى وه‌ڵامى ئاسایش و پۆلسى داوه‌ته‌وه و (13) كتابیشى ئاراسته‌ى رۆژنامه و گۆڤاره‌كان كردوه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
ئه‌مه‌ش ئامار و ئاماژه‌یه‌كى باشن بۆ رێكخستى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان دادگا و رۆژنامه‌نووسان و سه‌ندیكا و لیژنه‌ى داكۆكى تا كێشه‌و گیروگرفته‌كانى رۆژنامه‌نووسان له رێگاى دادگا و به‌شێوه‌یه‌ى یاسایى به‌رێوه‌بچێت.
دوانزه‌هه‌م:
به‌یاننامه راگه‌یاندنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا و لیژنه‌ى داكۆكى له شه‌ش مانگى رابردوودا
یه‌كه‌م:
سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان داواى ئازادكردنى رۆژنامه‌نووسى ئێرانى (ماشا‌وألله شمس الواعڤین) ده‌كات
ئه‌نجومه‌نى سه‌نیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان به نیگه‌رانیه‌كى زۆره‌وه هه‌واڵێ ده‌ستگیركردنى رۆژنامه‌نووسى به‌ناوبانگى ئێرانى (ماشا‌وألله شمس الواعڤین) پێگه‌یشت كه دوو رۆژ به‌ر له ئێستا له‌لایه‌ن به‌رپرسانى كۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌ستگیركرا بێگومان ئه‌مه‌ش به زه‌ره‌ر و زیانى ئازادى رۆژنامه‌نووسى ته‌واوده‌بێت، بۆیه داواكارین له به‌رپرسانى كۆمارى ئیسلامى ئێران كه‌چه‌ند زوتره ئازاد بكرێت، چونكه سه‌ره‌راى ئه‌ندامێتى له لیژنه‌ى پشتویانى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و ئه‌ندامێتى له ئه‌نجومه‌نى رۆژنامه‌گه‌رى صتفى ئێرانه و كارى رۆژنامه‌نووسى ناوبراو ته‌نها گوزارشت كردنه له ئازادى راده‌ربڕین
ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان – هه‌ولێر
30/12/2009
دووه‌م:
ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا داوا له رۆژنامه‌نووسانى كوردستان ده‌كات له كاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پابه‌ندبن به یاسا و رێنماییه‌كان
له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ست پێده‌كات، بێگومان رۆژنامه‌نووسان میدیاكاران رۆڵى كاریگه‌ریان ده‌بێت له هۆشیاركردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان و هاندانى ده‌نگده‌ران بۆ به‌شدارى كردنى گه‌رم و گور له پرۆسه‌كه‌دا، به پێچه‌وانه پابه‌ند نه‌بوون به بنه‌ماكانى پیشه‌ى رۆژنامه‌گه‌رى له‌و روماڵكردنى پرۆسه‌كه‌دا زه‌ره‌ر و زیان به پرۆسه‌ى دیموكراسى و به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له دوا كۆبونه‌وه‌ى خۆیدا جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستى پابه‌ندبونى رۆژنامه‌نووسان به یاساى رۆژنامه‌گه‌رى له كوردستان و به‌ڵێننامه‌ى شه‌ره‌فى فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نووسان و رێنماییه‌كانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرده‌وه.
ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا هیواداره كه رۆژنامه‌نووسانى كوردستان پابه‌ندى پێوه‌ره پیشه‌ییه‌كان بن له پێناو به‌رێوه‌چونى هه‌ڵبژاردنێكى ئازاد و پاك و پاك و شه‌فافدا، هه‌روه‌ها داوا له رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ین رۆڵى چاودێرى خۆیان به‌وپه‌ڕى بێلایه‌نى و بابه‌تیانه ببین و رووداوه‌كان به راستگۆیانه وه‌كو خۆى بگوازنه‌وه به تایبه‌تیش رۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانى لیسته ركابه‌ره‌كان. ئومێدمان وایه به هیچ شێوه‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسان په‌نا نه‌به‌نه به‌ر شێوازى نا شارستانى و به‌رژه‌وه‌ندى باڵا گه‌لى كوردستان له‌م قۆناغه ناسك و هه‌ستیاره‌دا له‌به‌رچاوبگرن، دڵنیاین رۆژنامه‌نووسانى كوردستان كه‌م ته‌رخه‌م نابن له نیشاندانى روى گه‌شى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به شێوه‌یكى پیشه‌ییانه و سه‌رده‌میانه.
ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاى
رۆژنامه‌نووسانى كوردستان
31/1/2010
سێ یه‌م:
سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان نیگه‌رانى خۆى بۆ حكومدانى رۆژنامه‌نووسێكى كورد له توركیا راده‌گه‌یه‌نێت
به‌پێى سه‌رچاوه رۆژنامه‌نووسه‌یه‌كانى توركیا پێشى چه‌ند رۆژێك دادگاى شارى (ئامه‌د) بڕیارى (21) ساڵ زیندانى بۆ رۆژنامه‌نووس (ئوزان كلچ) خاوه‌ن ئیمتیاز و به‌رێوه‌به‌رى نوسینى رۆژنامه‌ى (ئازادیا وڵات) ده‌ركرد.
ئێمه له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له كاتێكدا كه نیگه‌رانى خۆمان به‌رامبه‌ر ئه‌و بڕیاره ده‌رده‌بڕین داوا له دادگاى ناوبراو ده‌كه‌ین كه له‌به‌ر رۆشنایى بنه‌ماكانى ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى مرۆڤ دا چاو به‌و بڕیاره‌دا بخشێنێته‌وه چونكه له راستى دا ئه‌و بڕیاره‌ى دادگاى توركیا له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ده‌وڵه‌تى توركیا به ئاراسته‌ى كرانه‌وه به رووى گه‌لى كورد و كێشه ره‌واكه‌یدا یه‌كناگرێته‌وه كه ئه‌مڕۆ به‌شێكى زۆر له رۆژنامه‌نووسان و رۆشنبیرانى كورد به بایه‌خه‌وه بۆى ده‌روانن و ئیجابى هه‌ڵى ده‌سه‌نگێنن. بێگومان به بڕیارێكى وا كه رۆژنامه‌نووسێكى كورد له‌سه‌ر بیروڕا (21) ساڵ حكوم بدرێت به‌دگومانى بێ متمانه‌یى دروست ده‌بێت و نائومێدى له جیدیه‌تى هه‌نگاوه‌كانى ده‌وڵه‌تى توركیا دروست ده‌كات بۆیه ئومێدمان وایه كه ئه‌و بڕیاره هه‌ڵوه‌شێته‌وه و سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى (ئازادیا وڵات) ئازادبكرێت.
ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاى
رۆژنامه‌نووسانى كوردستان
21/2/2010
چواره‌م:
سه‌باره‌ت به‌و توندوتیژیانه‌ى كه له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراوه لیژنه‌ى داكۆكى راگه‌یاندنێكى تایبه‌تى داوه‌ته گشت ده‌زگاكانى ئاسایش و پۆلیس و له شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان، كه به‌سوپاسه‌وه هه‌ندێكیان له كاتى خۆیدا وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه.
به‌رێز/ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایش و پۆلیسى پارێزگاكانى هه‌رێم
بابه‌ت/ ئاگاداركردنه‌وه
ئاگادارى به‌رێزتان ده‌كه‌ین كه له‌ماوه‌ى ده‌رۆژدا له‌هه‌رێمى كوردستان نزیكه‌ى ( 10 ) حاڵه‌تى توندوتیژى و پێشێلكارى و لێدان و لێساندنى كامێرا به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان روویداوه. كه‌به‌شێكى له‌لایه‌ن هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایشه‌وه بووه و زۆربه‌شیان لاى ئێمه سكاڵایان تۆماركردوه.
بۆیه له‌رێگاى به‌رێزتانه‌وه پێمانباشه ئاگادارى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیس و ئاسایش و داموده‌زگاكانى حكومه‌ت بكرێ كه‌به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان نه‌كرێت و به‌شێوه‌ى یاسایى به‌تایبه‌تى به‌پێى یاساى ژماره (35)ى ساڵى (2007) یاساى رۆژنامه‌گه‌رى كه‌ماف ده‌دات به‌رۆژنامه‌نووسان بۆ به‌ده‌ستهێنانى زانیارى، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت هاوكاریان بكرێت و له‌هه‌ر حاڵه‌تێكى پێویست سه‌ندیكا و لیژنه‌كه‌مانى لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه.
هیوادارین به‌هه‌موولایه‌كمان بتوانین هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كى باش و مۆدێرن به‌رێوه‌به‌رین و دور له‌توندوتیژى و نائارامى و ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌هه‌موولایه‌ك ده‌كات.
له‌كۆتایدا هیوادارین به‌ده‌نگ داواكه‌مانه‌وه بێن و هاوكاریمان بكه‌ن له‌ئه‌ركه‌كانى راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانیدا، له‌پێناو راگه‌یاندنێكى سه‌ركه‌وتوو و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى به‌رێزتانین.
له‌گه‌ڵ رێزدا
تێبینى/ ناوى ئه‌و رۆژنامه‌نووس و ده‌زگا و شوێنانه‌تان بۆ ده‌نێرین كه رووبه‌ڕوى توندوتیژى بونه‌وه له‌م (ده) رۆژه‌دا له‌سنورى هه‌رێمى كوردستان.
وێنه‌یه‌ك بۆ:
1-به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى گشتى هه‌رێم/ هه‌ولێر
2-به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى گشتى هه‌رێم/ سلێمانى
3-به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى پارێزگاى هه‌ولێر
4-به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى
5-به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر
6-به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى
7-ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا
8-ئه‌ندامانى لیژنه‌ى داكۆكى
تێبینى/ هه‌موو ئه‌و پێشێلكاریانه‌ى كه له‌م راگه‌یاندنه‌دا ئاماژه‌ى پێكراوه، له‌ناو ئه‌م راپۆرته‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه.
ئه‌نوه‌ر حسێن
سكرتێرى لیژنه‌ى داكۆكى
له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان
پێنجه‌م:
داكۆكى له ئازادى بیر‌و باوه‌ڕ ده‌كه‌ین
راگه‌یاندنێك له لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان
پاش بڵاوبونه‌وه‌ى شیعرێك له گۆڤارى "وێران"دا، له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌س و لایه‌نى سیاسیه‌وه ده‌ستیانداوه‌ته هێرشى ناره‌وا و بێ مانا و تۆمه‌تباركردنى چه‌ندین ده‌زگاى راگه‌یاندن و روناكبیرى و تۆمه‌تباركردنیان به (ئه‌نفالى ئه‌خلاقى).
ته‌نانه‌ت مزگه‌وتیان كردۆته شوێنى بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌و كاره، له كاتێكدا مزگه‌وت شوێنى ئاشتی و مینبه‌رى وتنى هه‌قیقه‌ته، نه‌ك بكرێته شوێنى په‌لاماردانى نوسه‌ران و روناكبیران.
ئێمه لاى خۆمانه‌وه دژى ئه‌و بۆچونه كۆنخواز و كۆنزه‌رڤاتیڤانه‌ین كه نه‌ك هه‌ر رێگا له ئازادى راگه‌یاندن و رۆژنامه‌گه‌رى و بیروباوه‌ڕ ده‌گرێت، به‌ڵكو دژى یاسا مه‌ده‌نیه‌كان و په‌رله‌مانیشه و مه‌ترسى له‌سه‌ر سنوره‌كانى ئازادى هه‌یه. به‌ڵكو ئه‌مجۆره بانگه‌شانه هه‌ره‌شه‌یه له دیموكراسى و ئه‌زمونى هه‌رێمى كوردستان كه به‌وه ناسراوه دوورگه‌یه‌كه بۆ ئازادى راگه‌یاندن و بیروباوه‌ڕ له ناوچه‌كه‌دا.
بۆیه ئێمه لاى خۆمانه‌وه سه‌ره‌راى پشتگیرى له نوسه‌ران، روناكبیران، رۆژنامه‌نووسان و ستافى گۆڤارى وێران و ده‌زگاكانى چاپ و راگه‌یاندن، ئیدانه‌ى ئه‌و هه‌ڵوێسته كۆنخوازانه ده‌كه‌ین و داواش له حكومه‌ت و دادگاكان ده‌كه‌ین كه ده‌بێ یاسا سه‌روه‌ربێت و رێگا نه‌درێت كه‌س خۆى بكاته ده‌مراستى ئازادى عه‌قیده و به‌یان و سنورێكیش بۆ ئه‌و بۆچوونانه دابنێت كه‌خه‌ریكه ده‌بنه مایه‌ى هه‌ره‌شه و مه‌ترسى بۆ سه‌ر روناكبیران و ئازادى بیروباوه‌ڕ.
به‌تایبه‌تى كه ئه‌وه یه‌كه‌م جارنیه فتواى له‌وجۆره ده‌درێت بۆ دژایه‌تى ئازادى و نوسه‌ران و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار فتواى كوشتنیشیان ده‌درێت.
لیژنه‌ى داكۆكی له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له كوردستان
1/5/2010
شه‌شه‌م:
ڕاگه‌یاندنێك له لیژنه‌ى داكۆكى
سه‌باره‌ت به ده‌ستگیركردنى سه‌رنووسه‌رى (چاڤدێر) له دهۆك
ڕۆژى (1/2/2010) دادگاى شارى دهۆك به هۆى بڵاوكردنه‌وه‌ى شیعرێكى (هۆشنگ شێخ محه‌مه‌د) له ڕۆژنامه‌ى (چاڤدێر) سه‌رنووسه‌رى ڕۆژنامه‌كه (عه‌بدورحمان بامه‌رنى)و شاعیره‌كه ده‌ستگیر ده‌كات.
له كاتێكدا دادگا ده‌بوو به پێى مادده‌ى (35)ى ساڵى (2007)ى یاساى ڕۆژنامه‌گه‌رى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رنووسه‌رى ڕۆژنامه‌كه بكات نه‌ك به پێى مادده‌ى (372)ى یاساى سزادانى عێراقى.
بۆیه ئێمه ده‌ستگیركردنى ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه و ئه‌و شاعیره ئیدانه ده‌كه‌ین كه دوره له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووس و یاساى ڕۆژنامه‌گه‌رى، كه ڕێگا نادات به هیچ جۆرێك ڕۆژنامه‌نووس دستگیر بكرێت. سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى ئه‌مه یه‌كه‌مین جار نیه، ڕۆژنامه‌نووسان له دهۆك و ناوچه‌كانى تر ده‌ستگیر ده‌كرێن.
بۆیه ئێمه داواكارین، هه‌ردوو ناوبراو ئازاد بكرێن و چیتر ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ستگیر نه‌كرێن.
لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى ڕۆژنامه‌نووسى و
مافى ڕۆژنامه‌نووسان له كوردستان
2/2/2010
حه‌وته‌م:
راگه‌یاندنێك له لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكا سه‌باره‌ت به كوشتنى (سه‌رده‌شت عوسمان)
پاش ئه‌وه‌ى سه‌رله‌به‌یانى (4/5/2010) رۆژنامه‌نووس و فێرخوازى زانكۆ (سه‌رده‌شت عوسمان) له به‌رده‌م كۆلێژى ئاداب له شارى هه‌ولێر له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكى نه‌ناسراوه‌وه رفێندرا، سه‌رئه‌نجام رۆژى (6/5/2010) له یه‌كێك له گه‌ره‌كه‌كانى شارى موسڵ ته‌رمى ناوبراو به فڕێدراوى دۆزرایه‌وه.
ئێمه له لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان ئه‌و كاره دڕندانه به‌توندى ئیدانه و مه‌حكوم ده‌كه‌ین و داوا له وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌كه‌ین كه به‌په‌له به‌دواداچوون بۆ ئه‌م كاره ترسناك و دژه ئینسانیه بكه‌ن و ئه‌نجامده‌رانى بدۆزنه‌وه و سزاى یاساییان بده‌ن، چونكه ئه‌مه جگه له‌وه‌ى مه‌ترسیه له‌سه‌ر ئازادى و مافى مرۆڤ به‌گشتى هه‌ره‌شه‌شه له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیرى له هه‌رێمى كوردستاندا.
له‌مباره‌یه‌وه راى گشتى ئاگادار ده‌كه‌ین كه لیژنه‌كه‌مان په‌یوه‌ندى به به‌رێز وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه كردوه بۆ به‌دواداچوونى كێشه‌كه و به‌رێزیشى رایگه‌یاندوه كه له‌وباره‌یه‌وه درێغى ناكه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ى تاوانباران.
لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى
رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكا
6/5/2010
هه‌شته‌م:
ڕاگه‌یاندنێك له لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى
ڕۆژنامه‌نووسى و مافى ڕۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكاى ڕۆژنامه‌نووسان
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كان
له كاتێكدا بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن چه‌ند ڕۆژێكه له كوردستان ده‌ستیپێكردوه، كه هیوادار بووین به هێمنى و ئارامى به‌ڕێوه بچێت و خزمه‌ت به پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بكات و هه‌موو لایه‌ك بانگه‌شه بۆ لیسته‌كان و نوێنه‌راكانیان بكه‌ن، كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندنیش ئه‌ركى په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كان به شێوه‌یه‌ك بگرنه ئه‌ستۆ كه هه‌مووى له خزمه‌ت پرۆسه‌كه‌دا بێت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه له ماوه‌ى رابردووى هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا، چه‌ندین پێشلكارى و حاڵه‌تى توندوتیژى و لێدان و ئازاردان و لێسه‌ندنى كامێرا، به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان رویداوه، بۆیه مایه‌ى نیگه‌رانى هه‌موولایه‌كه به تایبه‌تى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان و لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى ڕۆژنامه‌نووسى و مافى ڕۆژنامه‌نووسان.
له كاتێكدا وه‌كو پێشتر رامانگه‌یاندبوو، خوازیارین به پێى یاساى ژماره (35) ساڵى (2007) یاساى ڕۆژنامه‌گه‌رى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسان بكرێت، كه رێگا ده‌دات ڕۆژنامه‌نووسان له كۆر‌و كۆبوونه‌وه‌و خۆپیشاندان و هه‌ڵمه‌تى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ئاماده‌بن بۆ روماڵكردنى چالاكى، له هه‌مانكاتدا هه‌ر ئه‌و یاسایه رێگا ده‌دات به ڕۆژنامه‌نووسان له وه‌رگرتنى زانیارى به‌هره‌مه‌ندبن و نابێ رێگریان لێبكرێت و توند‌و تیژیان به‌رامبه‌ر بكرێت .
به‌ڵام به‌داخه‌وه له ماوه‌ى (ده) ڕۆژى رابردوودا نزیكه‌ى (10) حاڵه‌تى توند‌و تیژى و پێشلیكارى به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان رویداوه كه له خواره‌وه تۆماركراون.
بۆیه لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى ڕۆژنامه‌نووسى و مافى ڕۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكا، سه‌ره‌راى ئیدانه كردنى ئه‌و كارانه، داوا له هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایش و دام‌و ده‌زگاكانى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌رجه‌م قه‌واره سیاسیه‌كانى به‌شدار له پرۆسه‌كه‌دا ده‌كات، رێز له یاسا‌و كارى ڕۆژنامه‌نووسى و ڕۆژنامه‌نووسان بگرن و به شێوه‌یه‌كى ته‌ندروست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، له پێناو ڕاگه‌یاندنێكى ته‌ندروست و ئارام و هه‌ڵبژاردنێكى، سه‌ركه‌وتوو ئه‌وه‌ش ڕاده‌گه‌ێنین كه هه‌موو ئه‌و توند‌و تیژى و پێشلكاریانه له ڕاپۆرتى پێنجه‌مینى لیژنه‌كه‌ماندا تۆمار ده‌كرێت و بڵاوده‌كرێته‌وه.
لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى ڕۆژنامه‌نووسان
مافى ڕۆژنامه‌نووسى له كوردستان
نۆیه‌م:
راگه‌یاندنێك له لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان
له هه‌فته‌ى رابردوودا زنجیره‌یه‌ك پێشێلكارى به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نووسانى ناوچه جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئانجامدراوه، چه‌ندین رۆرژنامه‌نووس لێیان دراوه و كامێراكه‌یان شكێندراوه.
*له‌رۆژى (15/4/2010) له‌سه‌ر رێگاى (كه‌لار- كفرى) په‌یامنێرى كه‌ناڵى (ئازادى) كامێراكه‌ى ده‌شكێنرێت و په‌لامار ده‌درێت.
*رۆژى (17/4/2010) له كاتى روماڵكردنى خۆپیشاندانى خوێندكارانى ئاماده‌ییه‌كان له‌به‌رده‌م به‌رێوه‌برایه‌تى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى (چه‌ندین) په‌یامنێر و كامێرامانى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندنى (ته‌له‌فزیۆنى په‌یام، رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنى ئازادى، سپێده، زه‌حمه‌تكێشان، رۆژنامه‌ى ئاسۆ)كه‌وتنه به‌ر هێرشى پۆلیسى چالاكییه مه‌ده‌نیه‌كان و هه‌ندێكیان لێیان ده‌درێت و كامێراى هه‌ندێكیان ده‌شكێنرێت.
له كاتێكدا ئه‌م پێشێلكاریانه دژى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى ژماره (35)ى ساڵى (2007)ه كه رَگا به‌رۆژنامه‌نووسان ده‌دات له به‌ده‌ست خستنى زانیارى و گه‌یاندنى هه‌واڵ بۆ هاوڵاتیان ئێمه له لیژنه‌ى داكۆكى ئه‌م پێشێلكاریانه ئیدانه ده‌كه‌ین و هیوادارین دوباره نه‌بنه‌وه و سزاى سه‌رپێچى كاران بدرێت و رێز له‌یاسى رۆژنامه‌نووسى و كارى رۆژنامه‌نووسان بگیرێت و خوازیارین وه‌ڵامى ئه‌و یاداشنامه‌شمان بدرێته‌وه كه پێشتر دراون به سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى ناوخۆ، كه داوامانكردوه رێگا له‌و پێشێلكاریانه بگیرێت و سزاى توندى سه‌رپێچى كاران بدرێت و داواش له سه‌رۆكى حكومت ده‌كه‌ین سنورێك بۆ ئه‌و پێشێلكاریانه دابنرێت و مافى رۆژنامه‌نووسان بپارێزرێت.
جج
لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و
مافى رۆژنامه‌نووسان له كوردستان
18/4/2010
ده‌یه‌م:
راگه‌یاندنێك له‌لیژنه‌ى داكۆكى له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان سه‌باره‌ت به پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تى ناوخۆ
پاش بڵاوكردنه‌وه‌ى چواره‌مین راپۆرتى لیژنه‌ى داكۆكى له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له (26/12/2009) كه‌بریتى بوو له‌ره‌وشى رۆژنامه‌گه‌رى له‌هه‌رێمى كوردستان له (30/6/2009 تا 25/12/2009) و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى باشى هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌باشبوونى ره‌وشى رۆژنامه‌گه‌رى له‌م ماوه‌ى رابردوودا، هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا به‌سه‌رۆكایه‌تى خودى وه‌زیرى ناوخۆ لیژنه‌یه‌ك پێكبێنێت بۆ به‌دواداچووونى راپۆرته‌كه‌ى سه‌ندیكا و هاوكاریكردنى به‌رده‌وامى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ى راپۆرته‌كه و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رى كێشه و گرفته‌كان به‌تایبه‌تى، ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندیان به‌وه‌زاره‌تى ناوخۆوه هه‌یه.
بێگومان ئه‌م هه‌وڵه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. ده‌توانێ خزمه‌تى زیاتر به‌چاره‌سه‌رى كێشه‌و گرفته‌كانى ره‌وتى رۆژنامه‌گه‌رى له‌كوردستان بكات، بۆیه ئێمه ئه‌م هه‌نگاوه‌یان به‌ئیجابى هه‌ڵده‌سه‌نگێنین.
له‌لایه‌كى تره‌وه ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ش بیرى رۆرژنامه‌نووسان بهێنینه‌وه، كه‌له‌مه‌و دواو له‌راپۆرتى داهاتوودا ئاماژه به‌گشت ئه‌و پێشێلكاریانه ده‌كه‌ین كه‌له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه ده‌كرێته سه‌ر هاوپیشه‌ى خۆیان و هاوڵاتیانه‌وه به‌بیانوى جیاجیا وهێرش ده‌كرێته سه‌ر رۆژنامه‌نووس و قسه‌ى ناشیرینیان پێ ده‌وترێ، جگه له ناوزراندن و ده‌گاته ئاستى جنێو و بوختانیش ده‌درێته پاڵیان. بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌ركى سه‌ندیكایه كه‌داكۆكى له‌گشت رۆژنامه‌نووسان و هاوڵاتیان بكات كه‌مافیان پێشێلده‌كرێت له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌بێ.
هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین له‌پاش بڵاوكردنه‌وه‌ى چواره‌مین راپۆرتى لیژنه‌كه‌مانه‌وه، هه‌ندێك كه‌ناڵ رایانگه‌یاند و بڵاویانكرده‌وه كه‌بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان له‌بوارى رۆژنامه‌گه‌رى دا زۆر خراپه و هه‌ندێ كه‌ناڵى تریش وایان بڵاوكرده‌وه كه‌گوایه ئه‌م راپۆرته بریتیه له‌پێشێلكارى به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان، له‌كاتێكدا ده‌مانه‌وێت ئه‌و بۆچونانه راستبكه‌ینه‌وه چونكه راپۆرته‌كه بریتی یه له‌ره‌وشى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگ دا. به‌باش و خراپیه‌وه و ئاماژه به‌چه‌ندین حاڵه‌تى باش كراوه و بارودۆخى رۆژنامه‌گه‌ریش به‌وشێوه‌یه خراپ نیه كه‌هه‌ندێ كه‌ناڵى ده‌ره‌وه باسیان كردوه به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌نگاوى ئیجابیشى تێدایه
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه داوا له‌گشت رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن ده‌كه‌ین كه له‌هه‌ر پێشێلكارى و گرفتێك كه‌روبه‌روویان ده‌بێته‌وه، به‌سكاڵا یان ئیمێڵ و ته‌له‌فون ئاگادارى لیژنه‌كه‌مان بكه‌نه‌وه به‌مه‌به‌ستى هه‌ماهه‌نگى و ئاگاداربوون له‌كێشه‌كانیان، دواجار ئه‌گه‌ر كه‌سێك یان لایه‌نێك ئاگادارمان نه‌كه‌ن له‌وه‌ى به‌رامبه‌ریان كراوه، خۆیان به‌رپرسیارن بۆیه سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌به‌هه‌ر هۆیه‌كى په‌یوه‌ندی یه‌وه‌بێ ئاگادارى لیژنه‌كه‌مان بكه.
له‌گه‌ڵ رێزدا
لیژنه‌ی داكۆكی له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان
له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان
یانزه‌هه‌م:
راگه‌یاندنێك له‌لیژنه‌ى داكۆكى له‌ئازادى
رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان
(سه‌باره‌ت به پێشێلكاریه‌كان دژى رۆژنامه‌نووسان له‌پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2010 عێراقدا)
دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى داكۆكى له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى‌و مافى رۆژنامه‌نووسان راپۆرتێكى له‌سه‌ر پێشێلكاریانه بڵاوكرده‌وه كه‌له‌پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى (7/3/2010) له‌به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان‌و كۆمه‌ڵێك ناوه‌ند‌و لایه‌ن ئه‌نجامدراون، ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى (10/3/2010) بڕیاریدا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پێشێلكاریانه‌دا بۆ ماوه‌ى پێنج خوله‌ك له‌به‌رده‌م باره‌گاى اعتیصام راده‌گه‌یه‌نێت‌و هه‌ر له‌و سه‌كۆیه‌ش داوا له‌سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان‌و په‌رله‌مان‌و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین له‌و باره‌یه‌وه هه‌ڵوێست وه‌ربگرن‌و لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و پێشێلكاریانه پێكبهێنن، چونكه پێشێلكردنى ئازادى رۆژنامه‌نووسى پێچه‌وانه‌ى یاساى ژماره (35)ى رۆژنامه‌گه‌ریى‌و سه‌رجه‌م بنه‌ماكانى دیموكراسیه‌ته.
بۆیه جارێكى تر نیگه‌رانى‌و بێزارى خۆمان له‌و جۆره مامه‌ڵانه‌ى ئاسایش‌و پۆلیس‌و هه‌ر لایه‌نێكى تر له‌دژى رۆژنامه‌نووسان ده‌رده‌بڕین.
جێگه‌ى ئاماژه‌كردنه ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه‌پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌سه‌ركه‌وتوویى له‌كوردستان‌و عیراقدا به‌رێوه‌چوه‌و رۆژنامه‌نووسانیش ئه‌ركێكى گه‌وره‌یان له‌سه‌رشان بووه، به‌ڵام ئه‌و مامه‌ڵه خراپه كاریگه‌رى خراپى له‌سه‌ر ره‌وشه‌كه‌و ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت‌و هه‌ندێك لایه‌ن به‌مه‌به‌ست به‌كاریده‌هێنن یان به‌كاریانهێناوه له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه كه‌گوایه ئازادى رۆژنامه‌گه‌رى له‌كوردستاندا نییه‌و به‌پێى وته‌ى ئه‌وان بارودۆخى رۆژنامه‌گه‌رى ره‌شترین حاڵه‌تى له‌م كاته‌دا به‌خۆوه بینیه‌وه.
هه‌ر لێره‌شه‌وه به‌رۆژنامه‌نووسانى كوردستان راده‌گه‌یه‌نین كه‌بۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵیانین‌و پشتیوانیان لێده‌كه‌ین‌و داكۆكى سه‌رسه‌ختیان به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ى سه‌ر به‌چ لایه‌ن‌و ده‌زگا‌و كه‌نالأ‌و ئایدیا‌و بیروبۆچون‌و سیاسه‌تێكن‌و ته‌نها وه‌كو ئه‌ركێكه پیشه‌یى سه‌یرى رۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ین، خوازیارین ئه‌وانیش په‌یوه‌ست بن به‌یاساكانى رۆژنامه‌نووسى تا به‌هه‌موو لایه‌كمان بتوانین پرۆسیسى دیموكراسى له‌كوردستاندا سه‌رخه‌ین‌و ئازادى كارى میدیایى به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رین‌و گه‌له‌كه‌مان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنى یه‌كجاره‌كى به‌رین.
تا ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى له‌بوارى ئازادى راگه‌یاندن‌و رۆژنامه‌گه‌ریدا به‌ده‌ستهاتوون به‌هه‌موو لایه‌كمان بپارێزین.
لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى ڕۆژنامه‌نووسى و
مافى ڕۆژنامه‌نووسان له كوردستان
15/3/2010
دوانزه‌هه‌م:
راگه‌یاندنێك له‌لیژنه‌ى داكۆكى له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان سه‌باره‌ت به‌روداوه‌كه‌ى خانه‌قینى رۆژى 27/12/2009
رۆژى (12/7/2009) له‌شارى خانه‌قین له‌لایه‌ن پۆلیسى گه‌رمیانه‌وه رێگرى له‌تیمێكى كه‌ناڵى (KNN) ده‌كه‌ن كه به‌مه‌به‌ستى یادى عاشورا له‌و شاره‌بوون، دواتر كامێراكه له‌په‌یامنێرى كه‌ناڵه‌كه ده‌ستێنن و ده‌ست به‌سه‌ر كاسێته‌كه‌یدا ده‌گیرێت.
لیژنه‌ى داكۆكى له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى به‌دواداچوونى بۆ روداوه‌كه كرد و ئاگادارى كێشه‌كه بوو، به‌ڵام ده‌بێ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌وه ره‌چاوبكه‌ن كه رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن به‌پێى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى ژماره (35)ى ساڵى (2007) ئه‌و مافه‌یان پێدراوه كه‌بتوانن له كۆنگره و له پرێس كۆنفرانسه‌كاندا به‌شداربن و زانیارى وه‌رگرن، بۆیه ئێمه دژى ئه‌و كاره‌ى پۆلیسى گه‌رمیان بوین هه‌رچه‌نده خۆیان به‌ئێمه‌یان راگه‌یاندوه كه بۆ پاراستنى ئه‌منیه‌تى رێوره‌سمه‌كه بووه له‌و شاره‌و هیچ هیچ هۆكارێكى تر نه‌بووه.
به‌ڵام دیسان ناكرێ په‌ناببرێته به‌ر لێسه‌ندنى كامێرا و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى كاسێتى په‌یامنێران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ رۆژنامه‌نووسان ئه‌وه بزانن كه ته‌نها له‌چوارچێوه‌ى یاسادا ده‌توانن مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بوترێ كه له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ئه‌ندامانى تیمه‌كه‌وه قسه‌ى ناشیاوی به به‌رێوه‌به‌رى پۆلیس گوتووه، كه دووره له ئه‌خلاقى رۆژنامه‌نووسى یه‌وه بۆیه ده‌بێت رۆژنامه‌نووسان دووربن له‌م جۆره هه‌ڵسوكه‌وتانه نه‌ك به‌شێوازێكى تر كه دووربێ له‌ئیتیك و پیشه‌ى رۆژنامه‌نووسى.
سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان لیژنه‌ى داكۆكى له‌ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له كوردستان
28/12/2009
سیانزه‌هه‌م:
له‌سه‌ر داواى رۆژنامه‌نووسان: به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى گشتى له سلێمانى كۆبونه‌وه‌یه‌كى فراوانى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدا
له‌سه‌ر داواى لیژنه‌ى داكۆكى له ئازادى رۆژنامه‌نووسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له كوردستان له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان، به‌رێوه‌به‌رى گشتى ئاسایش له سلێمانى (حاكم قادر حه‌مه جان) كۆبونه‌وه‌یه‌كى فراوانى سازدا له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن له سلێمانى به ئاماده‌بونى ئه‌نوه‌ر حسێن ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكا و سكرتێرى لیژنه‌ى داكۆكى كه تێیدا به‌ریوه‌به‌رى ئاسایشى گشتى جه‌ختى له‌وه كرده‌وه، له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌و نوسراوه‌ى كه پێشتر له‌لایه‌ن لیژنه‌ى داكۆكى له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانه‌وه به ده‌ستمان گه‌یشتوه سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكاریانه‌ى كه به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراوه و وتى:-
ئێمه وه‌كو ئاسایش به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌دواداچونى ته‌واوى بۆ ده‌كه‌ین و سزاى ئه‌و كارمه‌ندانه ده‌ده‌ین كه ره‌فتارى نایاساییان به‌رامبه‌ر به رۆژنامه‌نووسان كردوه.
هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌سه‌ر چه‌سپاندنى ئازادى و مافى رۆژنامه‌نووسان له كوردستان كرده‌وه و رایگه‌یاند كه سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌لایه‌نى یاساییه‌وه، ئێمه وه‌كو مه‌رجه‌ع ته‌ماشاى راپۆرته‌كانى ده‌كه‌ین، چونكه ده‌زانین كه زۆر بێ لایه‌نانه و سه‌ربه‌خۆ و پیشه‌ییانه راپۆرته‌كه‌یان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
ئاسایشى گشتى وه‌ڵامى نوسراوه‌كانى سه‌ندیكا ده‌داته‌وه، ئه‌مه و كۆبونه‌وه‌كه دوو سه‌عاتى خایاند.
1. ئه‌نوه‌ر حوسێن
29 50 153 0770
سكرتێرى لیژنه
a_bazgr@yahoo.com
2 جه‌مال حوسێن
07504026878
بڕیارده‌رى لێژنه
jmal_khailani@yahoo.com
3 زیره‌ك كه‌مال
07504487085
ئه‌ندام
Zerakkamal@yahoo.com
4. شوان داودی
26 39 153 0770
ئه‌ندام
shwandaudi@yahoo.com
5. به‌هجه‌ت هروری
58 92 445 0750
ئه‌ندام
behcet.hirori@yahoo.com
6. شوان هه‌ورامی
10 21 143 0770
ئه‌ندام
shwan67@yahoo.com
7. ئاكۆ محه‌مه‌د
78 09 445 0750
ئه‌ندام
akopress74@yahoo.com
سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان
لیژنه‌ی داكۆكی له ئازادی رۆژنامه‌نووسی
مافی رۆژنامه‌نووسان له كوردستان
1/7/2010 |